جەستەی غەزاڵ مەولان و گیانبەختکردووانی دیکەی کوردستان


ئارێز محەمەدی 15/05/2026     .    


Alternate Text


جەستەی غەزاڵ مەولان و گیانبەختکردووانی دیکەی کوردستان، نموونەیەکی سیاسیی سەرەکیی ئەو ڕاستییەیە کە «ئاگربەست» لە کوردستاندا تەنها بۆ هەندێک لایەن بە مانای وەستاندنی شەڕ دێت، نەک بۆ کورد و تێکۆشانی ڕۆژهەڵات.

لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی لەگەڵ هێزەکانی نێودەوڵەتی ئاگربەست ڕادەگەیەنێت، درۆنەکانی بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر بنکەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان. 
غەزاڵ مەولان، کچە پێشمەرگەی گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێک بوو لەو شەهیدانەی کە لە هێرشی درۆنی سوورداش گیانی لەدەست دا. ئەم هێرشانە تەنها دژ بە یەک حیزب نین، بەڵکوو دژ بە هەموو ئەو دەنگانەن کە بۆ ئازادی و مافەکانی نەتەوەی کورد خەبات دەکەن.  دژ بە هەموو ئەو ژنە پێشمەرگانەن کە بە جەستە و بوونیان سنوورەکانی پیاوسالاری و داگیرکاری دەشکێنن.

پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە:  بۆچی ئاگربەست کوردستان ناگرێتەوە؟ چونکە کۆماری ئیسلامی بە سروشتی خۆی نیزامێکی سەرکوتگەر و پاوانخواەو و ئازادی و بوونی کورد وەک مەترسییەکی سەرەکی بۆسەر خۆی دەبینێت. 
 لەلایەک نزیک بە چەندین هەفتە داخرانی ئینتەرنێت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەلایەکی دیکەش هاویشتنی بەردەوام لە درۆن و مووشەک بۆسەر بنکەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات و هەرێمی کوردستان،  نیشاندەری سیاسەتی دوو قۆڵیی ڕژیمی ئێرانە کە بۆ بەردەوامیی بە خۆی، خۆی لە هەر کردەوەیەکی دژە کورد و دژە خەڵکیی ناپارێزێت.