ژنێک، لە پەنجەرەی بیرەوەرییەکانەوە مێژوو دەنووسێتەوە
بەهرە حەمەڕەش
31/05/2026 .
کتێبی (گوڵاڵە سوورەکانی سەر بەردەڵان) لە نووسینی خانمە پێشمەرگە (گوڵڕوخ قوبادی)، کە باس لە (٤٦) ساڵی خەباتی کورد لە (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) و ئێران دەکات، بە تایبەت خەباتی ڕێکخستنەکانی (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان)، بەر لە ڕووخانی دەسەڵاتی (محەمەد ڕەزا شا) تاکو سەردەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، خۆی و خەباتی خوشکەکانی وەک گوڵە ئەستێرەیەک لە ناو زریاندا دەردەکەون.
گوڵڕوخ قوبادی کچێکی گەنج، چالاک و ڕۆشنبیر بووە لە سەردەمی محەمەد ڕەزا شا، کاری مامۆستایەتی لە گوندەکانی دەوروبەری شاری سنە و ناوچەکانی تری کوردستان کردووە. خۆی و خوشک و براکانی لە نێو ڕێکخستنەکاندا و لەسەر بیر و باوەڕی چەپ بوون، هەوڵی هوشیارکردنەوەی کرێکار و زەحمەتکێشانیان داوە لەو سەردەمەدا، چونکە هاوڵاتییان لە ژێر زەحمەت و سەختییەکانی بەردەوامیدان بە ژیان، سەردەمی دەرەبەگایەتی و زوڵمی دەسەڵاتداری لە وڵاتی ئێران بوون، کە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەردەمی (پەیمانی زەهاو)ەوە، بە فەرمی وەک بەشێک لە وڵاتی (ئێران) هەژمار دەکرێت.
کتێبی (گوڵاڵە سوورەکانی سەربەردەڵان) دەلاقەیەکە خوێنەر زیاتر بەوە ئاشنا دەکات، کە ڕەسەنایەتی ئافرەتی کورد شان دانەبەر فێربوون، کارکردن و سەختییەکانی ژیانە، لە هەموو سەردەمێکدا ئافرەتانی کورد بە هوشیار و نا هوشیارەوە، خوێندەوار و نەخوێندەوار لە پەیداکردنی بژێوی ژیان و ماڵداری کردن بەشداربوون. هەرگیز جیاکاری رەگەزی یەکێک لە کێشە گەورەکانیان نەبووە، ئەگەرچی لە ژێر کاریگەری و هەژموونی کەلتووری وڵاتانی داگیرکەردا بوون. لەو سەردەمەدا زۆر ئەستەم ژن بەشداری لە ڕێکخستنەکانی دژ بە ڕژێمە داگیرکەرەکاندا کردووە، بەهۆکاری ئەوەی پێگە و ڕۆڵی ژن لە ناو ئەو ڕژێمانەدا لە چوار دیواری ماڵ و خێزان دەرنەچووە، چ جای ئەوەی بەشداری لە کاری سیاسی و ڕێکخستندا بکەن، ئەو کەلتوورە لە زۆر کەلەبەری ژیان و ڕێساکانی هاتۆتە ناو کەلتووری کوردی و تاکو ئێستاش کۆمەڵگە دووچاری گرفتی کۆمەڵایەتی دەکەنەوە.
گوڵڕوخ لەسەرەتادا بە هۆی خوشکێکییەوە بە ناوی (گوڵڕێز) ئاشنای بیری چەپ و مارکسی بووە. ئەوان بە بیانووی کاری مامۆستایەتی چوونەتە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تێکەڵی خەڵکی زەحمەتکێش و چینی جووتیار و چەوساوەکان بوون. ئەو سەردەمە بە هۆکاری زەبر و زەنگی حکومەتی (محەمەد ڕەزا شا)، بیری چەپ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە برەودا بووە. (چریکی فیدایی) و (حزبی تودە) خاوەن ڕێکخستن و ئەندامی زۆربوون بە تایبەتیش لە ناو توێژی گەنجان.
ئەو ژنە کوردە، لە ژێر فانۆسی شەوە تاریکەکان و لە ناو تەپوتۆزی سەرشەقام و کێڵگەکاندا کاری کردووە و یارمەتی و هاوکاری چەندین خێزانی هەژار و کەم دەرامەتی داوە، لە ڕاوێژکردن، هوشیاری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ئاشنایەتییان بە مافەکانی خۆیان. لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا ڕێنماییکار و چالاکوانی سیاسی بووە، بەردەوام خەباتی دژ بە چینایەتی و زوڵم و زۆرداری کردووە. یەکێک لە دامەزرێنەرانی (کۆمەڵەی زەحمەتکێشان) و ئەندامێکی چالاکی ئەم حزبە چەپە بووە لە ساڵی (١٩٦٨).
نووسینەکانی گوڵڕوخ تەنیا بیرەوەرییەک نییە لە ڕابردوودا، بەڵکو ڕێچکەیەکە بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە بڕوایان بە هاوسەنگی رەگەزی، خەباتکردن و یەکسانی هەیە، چونکە ئەو بیر و باوەڕ و چەکی پێکەوە هەڵگرتبوو، دەیویست هەموو جیاوازییە نەتەوەیی، ئایینی و ڕەگەزییەکان بسڕێتەوە، ژنان لەو سەردەمە نەک هەر بەشداری شۆڕش بوون، بەڵکو مۆڕاڵیان داوە بە پیاوەکانی هاوڕێیان و بوونەتە هۆکاری ئەوەی، تێکۆشان ببێتە کاری هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز و ئەو مرۆڤانەی خەون بە جیهانێکی دادپەروەرانەوە دەبینن، کە تێیدا کەس بە هۆکاری ئایین و نەتەوە نە چەوسێنرێتەوە. گوڵڕوخ لەم نووسینەوەیەدا دەیەوێت پێمان بڵێت، (شێر لە لانە بێتە دەر چ نێر بێت چ مێ)، چونکە وێڕای خەباتی سیاسی و ڕوو بە ڕووبوونەوەی ڕژێمە دڕندەکان پاڵەوانی بەرەنگاربوونەوەی خەباتی کۆمەڵایەتی، ڕەگەزی و چینایەتیش بوون. هاوتەریب لەگەڵ یاخیبوون لە دەسەڵاتی سیاسی لە نەریتە باو و جیاکارییەکانیش یاخیبوون. بە تایبەت کاتێک (گوڵڕێز)ی خوشکی بڕیاری ئەوەدەدات، کە هاوسەرگیری نەکات ئەو بڕیارە بۆ کچێکی گەنج لە ساڵانی حەفتاکان سەخت بووە، هەروەها هەڵبژاردنی شێوازی ژیان بە تەنیا و دوور لە خێزان، جۆرێکی تر لە ڕوو بە ڕووبوونەوەی کەلتووری نێرسالاری و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی ژن بووە.
بیری چەپ، بزووتنەوە سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە نێوان ساڵانی (١٩٥٠-١٩٧٠) گەیشتنە لوتکە و برەویان هەبوو. ئەو ماوەیە بە (سەردەمی زێڕینی چەپ) ناسرابوو، کە هاوکات بووە لەگەڵ بیری نەتەوەخوازی عەرەب و بزووتنەوە دژە ئیستیعمارییەکان. ئەوکاتە زۆربەی حزبە کوردییەکان لە ژێر کاریگەری بیری چەپدا گەشەیان کردووە، تاکو کۆتایی ساڵانی حەفتاکان گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویاندا.
کۆتایی ساڵی حەفتاکان لە عیراق و ناوچەکە قۆناغێکی پڕ لە گۆڕانکاری ڕادیکاڵ و هەستیار بووە، کاریگەری قووڵی کردۆتە سەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم ناوچەیە، هەروەها سەرهەڵدانی حزبی بەعس لە عیراق و سوریا وەک (بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی-سۆسیالیست) لە عیراق حزبی بەعس کۆنتڕۆڵی تەواوی وڵاتی کردووە، سەدام حسێن بە فەرمی بووە بە سەرۆککۆماری عیراق، ئەمە بەشێک بووە لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئێران لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکاندا تەنها گۆڕەپانی ململانێیەکی سیاسی ئاسایی نەبووە، بەڵکو وەک بورکانێکی لێهاتووە کە چاوەڕێی ساتەوەختی تەقینەوەی دەکرد. لە کاتێکدا (محەمەد ڕەزا شا) سەرقاڵی ئامادەکاری بوو بۆ ئاهەنگی (٢٥٠٠) ساڵەی پاشایەتی، کە وەک سەرکەوتنێکی گەورە و مۆدێرنێزەکردنی وڵات لێیان دەڕوانی، لەو کاتەدا خەڵک بەهۆکاری (جیاوازی چینایەتی) و نەبوونی (ئازادی سیاسی) هەروەها زوڵم و زۆری دەزگای ئەمنی (ساواک) وایکردووە شەقامەکان پڕببن لە ناڕەزایەتی، ئەو کاتە ساتەوەختێکی (مێژوویی) بووە، کە تێیدا تاج و تەختی پاشایەتی لەبەردەم ناڕەزایی قوڵی خەڵکدا بووە و چەپ و کۆمۆنیست لەگەڵ ئایینییەکان بۆ رووخانی تەختی شا یەکدەگرن، بەمەش سیستەمی پاشایەتی و نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەمیشە دەگۆڕێت. گوڵڕوخ باس لە کاتی خۆپیشاندانەکان دەکات، چۆن چەپ و ئیسلامییەکان پێکەوە هەوڵی ڕزگاربوونیان لە ڕژێمی شا داوە، بەڵام دوای چەندین خۆپیشاندان، ئایینییەکان هەوڵی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەیان دژ بە چەپەکان داوە، بە تایبەت دژ بە ئافرەتانی ناو بەرەی چەپ.
ئیسلامییەکان بە سەرۆکایەتی (خومەینی) و چەند تاکتیکێکی زیرەکانە و سوود وەرگرتن لە هەڵە ستراتیژییەکانی لایەنە چەپەکان، توانیویانە دۆخەکە لە بەرژەوەندی خۆیان بقۆزنەوە و دەسەڵات بگرنە دەست. لەو کاتەدا ئیسلامییەکان مزگەوتەکانیان وەک سەکۆی راگەیاندن و تۆڕی ڕێکخستنەکانیان بەکارهێناوە و چەپەکان لە سەرەتاوە نەیانتوانیوە ئەم کارانە لە شوێنێکی دیاریکراودا بکەن، هەروەها ئەوان بە زمانێکی ئایینی سادە قسەیان لەگەڵ خەڵک کردووە، بەڵام چەپەکان زیاتر بە زمانی فەلسەفە و چەمکی چەپ و مارکسی دواون، کە خەڵک بە ئەستەم توانیویانە لێیان تێبگەن. گەورەترین فێڵیشیان بەرزکردنەوەی دروشمی (ئازادی و یەکسانی) بووە ئەمەش وایکردووە چەپەکان وا تێبگەن، خومەینی دەبێتە هاوپەیمانێکی دیموکرات، هەروەها (خومەینی) لە (پاریس) بەڵێنی ئەوەی دابوو پیاوانی ئایینی نەچنە ناو جومگەکانی دەسەڵات، بەڵکو تەنها ڕێنمایی ئایینی بدەن بە خەڵک، وێڕای ئەوەی چەپەکان لە ناو خەڵک بە (بێ دین) دەناسران، ئیسلامییەکانیش سوودیان لە بەکارهێنانی سۆزی ئایینی خەڵک وەرگرتووە لە دژیان، لە ساڵی (١٩٧٩) کاتێک ئەوان باڵیۆزخانەی ئەمەریکایان گرت وەک (دژە ئیمپریالیزم) ناسران و خەڵک متمانەی پێکردن، بۆیە دوای جێگیربوونی دەسەڵاتییان، کەوتنە دەستگیرکردن و (لە سێدارەدان)ی چەپەکان بە تۆمەتی (دژایەتی کردنی خودا)، کاتێک (حزبی تودە)، کە گەورەترین حزبی چەپ بوو لە ئێران پاڵپشتییەکی کوێرانەی (خومەینی) کردووە، کۆتاییەکی تراژیدی بۆ ئەوان هێناوە و دووچاری سڕینەوەی فیزیکی و مەعنەوی تەواو بوونەتەوە، چونکە ڕژێمی ئیسلامی ئێران وەک (ستونی پێنجەم)ی یەکێتی سۆڤیەت ئەژماری کردوون.
(گوڵاڵە سوورەکانی سەربەردەڵان) وێڕای ئەوەی، کە لە هەندێک لاپەڕەدا درێژدادڕی تێداکراوە بە تایبەت لە کاتی ناساندنی ئەندامانی خێزانەکانیان پێموایە دەکرا پوختتر بنووسرێت، هەروەها زمانی نووسینەکەی کوردییەکی ڕەوان و بێ گرێ و گۆڵ نییە، هەرچەندە دەکرێت ئەم سەرنجە بۆ کەسی (وەرگێڕ) بگەڕێتەوە نەک نووسەر، چونکە من ئەو کتێبەم بە زمانی (کوردی) خوێندووەتەوە و لە بنەڕەتیشدا نووسەر بە زمانی فارسی نووسیویەتی، هەروەها بەشێوەیەکی گشتی و تەواو بابەتی سەربەخۆیی لە نووسینەوەیدا نە پارێزراوە، بەڵکو لە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیادایە، بەڵام دەکرێت بە سەرچاوەیەکی گرنگی مێژوویی لە بوارەکانی (خەباتی ژنی کورد)، (بیری چەپ) و (کۆمەڵەی زەحمەتکێشان) بەر لە ڕووخانی ڕژێمی شا تاکو زوڵم و زۆرداری ڕژێمی ئیسلامی ئێران لێی بڕوانرێت، چونکە بەپێی ئەزموونی خوێندنەوەم لە بواری بیرەوەری و مێژوودا (گێڕانەوەی ژن) (وردەکاری)، (سەلیقە) و (ڕاستگۆیی) تێدا بەدیدەکرێت. نووسینەوەی مێژوو بە دەست و پەنجەی ژن دەکرێت زیاتر بە متمانە و چێژەوە بیخوێنیتەوە، کاتێک بیرەوەری و گێڕانەوە لە لایەن ژنانەوە زۆر (سادە) و (ڕەوانتر) دەنووسرێتەوە، کاتێک ژن قەڵەم هەڵدەگرێت بۆ نووسینەوە خۆ پارێزی ناکات لە گێڕانەوەی هەندیک بابەت ئەگەر لای گشتیش پەسەند نەبێت، بەڵام زۆرینەی پیاوان خۆیان لەو بابەتە خێزانی و کەسییانە دەبوێرن، کە کەلتووری باو هەزمیان ناکات.
ئەگەرچی ناتوانم لە تەنیا وتارێکدا باسی هەڵبەز و دابەزە مێژووییەکان و جیهانی نووسینەوەی ئەم کتێبە بکەم، بەڵام لەگەڵ ڕووداوەکانیدا ڕۆیشتووم و لە پەنجەرەی بیرەوەرییەکانی (گوڵڕوخ)دا ئەو مێژووە پڕ لە خەبات و تێکۆشانەم بینیووە کە لەگەڵ خوشک، برا و گەنجەکوردەکانی دیکە کردوویانە، ئەوان بە دڵێکی پڕ لە هیواوە خەباتیان بۆ لە ناوچوونی ڕژێمی شا کردووە، بێ ئاگا لەوەی ڕژێمێکی دڕندەی تر جێگای دەگرێتەوە و بۆ ماوەی زیاتر لە چل و شەش ساڵ دەبێتە مۆتەکەی سەر گیانی خەڵکی ئێران بە گشتی و (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) بە تایبەتی، ئەوەش نادیدە ناگیرێت کە ئەو گەنجانە لە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیای چەپدابوون، لەسەردەمێکدا قووڵبوونەوەی زۆر لە ئایدۆلۆژیای چەپ و ئایینیدا بۆتە هۆکاری پاشەکشە لە بیری نەتەوەیی کورد و ئەم نەتەوە چەوساوەیە پێی زیانمەند بوون، لەبەرئەوەی بیری چەپ و ئایینیش بەرهەمی ئەقڵی ئێمە نییە و هاوردەن گەنجانی کورد زۆر بە سادەیی ئاوێزانیان بوون و لە هەندێک قۆناغ و هەندێک گروپدا، بۆتە هۆکاری ئەوەی لە خەباتی نەتەوەیی دووربکەونەوە، لە کاتێکدا جیهان خۆی لە لایەن زاڵم و سیستەمە بەرژەوەندیخوازەکان بە تایبەتیش سیستەمی سەرمایەداری بەڕێوەدەبرێت. لەهەموو دەرفەتێکدا زۆر نەتەوە و وڵات کراونەتە قوربانی بەرژەوەندی ئەم گروپە لە سەرمایەدار و دەسەڵاتخواز کە جیهان بەڕێوەدەبەن، بەڵام کورد سادەتر لەو تێگەیشتنە لە ئایدۆلۆژیاکان و بەرژەوەندی زلهێزەجیهانی و هەرێمییەکانی ڕوانیوە.