مافی ژنان و یەکسانیی جێندەری


ناسک سعید 04/09/2026     .    


Alternate Text


مافی ژنان و یەکسانیی جێندەری یەکێکە لە بنەڕەتیترین و زیندووترین پرسەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کە لە هەمانکاتدا پێوەرێکی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی پێشکەوتن، شارستانییەت و دادپەروەریی هەر کۆمەڵگەیەک. کاتێک باس لە پرسی ژن و یەکسانی دەکرێت، مەبەست تەنها داواکردنی مافێکی تایبەت بۆ نیوەی کۆمەڵگە نییە، بەڵکو تێڕوانینێکی فراوانترە بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەک کە تێیدا سەرچاوە مرۆییەکان بەبێ جیاکاریی ڕەگەزی بخرێنە گەڕ و بپارێزرێن. مێژووی ئەم پرسە پڕە لە خەباتێکی بێوچان، قوربانیدانی گەورە و هەنگاوی مەزن کە لەلایەن ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازەوە لە سەرتاسەری جیهاندا هەڵگیراون، بەڵام هێشتا ڕێگەیەکی درێژ لەبەردەمدا ماوە تاوەکو دادپەروەریی تەواو لە نێوان ڕەگەزەکاندا بەدی دێت و بەربەستە کەلتووری، یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان لەناو دەبرێن.

لە قۆناغە مێژووییەکاندا، ڕۆڵی ژنان زۆر جار لە چوارچێوەی کاری ناوماڵ و پەروەردەکردنی منداڵدا قەتیس کرابوو و مافە بنەڕەتییەکانی وەک خوێندن، بەشداریی سیاسی و سەربەخۆیی ئابووریان لێ سەندرا بوو. لەگەڵ هاتنە کایەی شۆڕشی ڕووناکبیری و پاشان شۆڕشی پیشەسازی، دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری گۆڕا و دەرفەتی نوێ بۆ مرۆڤەکان ڕەخسا. ژنان کەوتنە ناو کێڵگەی کارکردن لە کارگەکان و دامەزراوەکاندا، ئەمەش وای کرد هەستی خۆناسین و داواکاری بۆ مافەکان پەرە بسێنێت. سەرەتای جووڵانەوە رێکخراوەکانی مافی ژنان لە سەدەی نۆزدەهەم و بیستەمدا لە ئەوروپا و ئەمریکا دەستی پێکرد و پاشان تەشەنەی سەند بۆ زۆربەی ناوچەکانی جیهان، لەوانەش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کۆمەڵگەی کوردی. یەکەمین دەستکەوتە گەورەکانی ئەم خەباتە بریتی بوون لە بەدەستهێنانی مافی دەنگدان، کە بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی دیموکراسیدا دادەنرێت، چونکە بۆ یەکجار ژنان توانیان بەیکسانی لەگەڵ پیاواندا بەشداری لە بڕیاردانی سیاسی و دیاریکردنی ئاراستەی وڵاتەکانیاندا بکەن.

سەڕەڕای ئەو دەستکەوتە مەزنانە، هێشتا لە زۆرینەی کۆمەڵگەکانی جیهاندا جیاکاریی جێندەری وەک دیاردەیەکی قووڵ بوونی هەیە. یەکێک لە گەورەترین بەربەستەکان لەبەردەم یەکسانیی ڕاستەقینەدا، کەلتوری باوەڕدار بە پیاوسالاری و تێڕوانینی نەریتییە بۆ پێگەی ژن. لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا، ژن هێشتا وەک بوونەوەرێکی پلە دوو سەیر دەکرێت کە پێویستە لە ژێر چاودێری و دەسەڵاتی پیاودا بێت. ئەم کەلتوورە نەریتخوازە لە ڕێگەی پەروەردەی خێزانی، پەندەکان، ئایین بە شێوەیەکی هەڵە تەفسیرکراو، و نەریتە کۆنەکانەوە نەوە دوای نەوە دەگوێزرێتەوە. ئەمە وایکردووە کە لە هەندێک ناوچەدا، تەنانەت مافی سادەی وەک هەڵبژاردنی هاوسەر، جۆری جلوبەرگ، خوێندن لە زانکۆکان یان کارکردن لە دەرەوەی ماڵ بۆ ژنان قەدەغە بێت یان سنووردار بکرێت. لە لایەکی ترەوە، ئابووری و سەربەخۆیی دارایی یەکێکی ترە لەو خاڵانەی کە ژنان تیایدا ستەمیان لێ دەکرێت؛ زۆر جار لە هەمان ئاستی کارکردندا مووچەی کەمتر لە پیاوان وەردەگرن، یان لە پۆستە باڵاکانی بەڕێوەبردن و بڕیارداندا فەرامۆش دەکرێن بەو بەهانەی گوایە توانای سەرکردایەتییان کەمترە، کە ئەمەش درۆیەکی گەورەیە و بە دەیان نموونەی سەرکەوتوو لە جیهاندا پێچەوانەکەی سەلمێنراوە.

دیاردەی توندوتیژیی جێندەری و خێزانی، وەک ڕوویەکی تاریکی تری ئەم هاوکێشەیە، یەکێکە لە هەرە مەترسیدارترین ئاستەنگەکان لە بەردەم یەکسانی و پاراستنی مافی ژناندا. توندوتیژی دژی ژنان تەنها لێدانی جەستەیی نییە، بەڵکو هەموو شێوازەکانی توندوتیژیی دەروونی، زارەکی، ئابووری، و توندوتیژیی سیستماتیک لەخۆ دەگرێت. لە کۆمەڵگا پیاوسالارەکاندا، زۆر جار توندوتیژی وەک ئامرازێک بۆ سزادان و کۆنتڕۆڵکردنی ژنان بەکار دێت و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتدا لەلایەن یاسا کۆنەکان یان نەریتە کۆمەڵایەتییەکانەوە پاساو بۆ دەهێنرێتەوە یان چاوپۆشی لێ دەکرێت. دیاردەکانی وەکو هاوسەرگیری پێشوەختە و ناچاری، کوشتن بە ناوی شەرەفەوە، و ڕێگریکردن لە خوێندن و گەشەپێدانی کەسی، برینی قووڵن لە جەستەی کۆمەڵگەدا کە پێویستیان بە چارەسەری ڕیشەیی و یاسای زۆر توند هەیە. نەبوونی سزای یەکلاکەرەوە بۆ تۆمەتبارانی توندوتیژی، و ترسی قوربانیان لە سکاڵاکردن بەهۆی بێمتمانەیی بە دەزگا دادوەرییەکان یان کۆمەڵگە خۆی، دەبنە هۆی ئەوەی کە زۆربەی ئەم حاڵەتانە نەگەنە لای دەسەڵات و بە نهێنی بمێننەوە، ئەمەش بازنەی ستەمکارییەکان فراوانتر دەکات.
بۆ ئەوەی بتوانین باس لە کۆمەڵگەیەکی یەکسان و پێشکەوتوو بکەین، پێویستە تێڕوانینمان بۆ پرسی ژن لە بناغەوە بگۆڕین و ستراتیژییەکی فرەلایەنە پەیڕەو بکەین کە هەموو کەرتی پەروەردە، یاسا، میدیا و ئابووری بگرێتەوە. یەکەم هەنگاو لەم ڕێگایەدا، چاکسازیی ڕیشەییە لە سیستمی پەروەردەدا.
 منداڵان لە قۆناغە هەرە سەرەتاییەکانی ژیانیانەوە، لە ناو خێزان و لە قوتابخانەکاندا، دەبێت فێر ببن کە بەهای مرۆڤ بەپێی ڕەگەز هەڵناسەنگێنرێت، بەڵکو بەپێی توانا، کارامەیی و ڕەوشتیانە. بەرنامەکانی خوێندن و شێوازی مامەڵەی دایک و باوک دەبێت دوور بن لە جیاکاریی جێندەری. دووەم، بواری یاسایی پێویستی بە گۆڕانکاریی جیددی هەیە؛ دەرکردنی یاسای توند کە پارێزگاری لە ژنان بکات لە بەرامبەر هەر جۆرە توندوتیژییەک، جیاکارییەک لە مووچە و کاردا، و پاراستنی مافەکانیان لە کاتی جیابوونەوە یان لە ناو خێزاندا، مەرجی سەرەکییە بۆ سەروەریی یاسا. کاتێک یاسا بە توندی جێبەجێ دەکرێت و هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نابێت، کەس نەدەکرا بە ئاسانی دەستدرێژی بکاتە سەر ماف و ئازادییەکانی کەسێکی تر.
لە لایەکی تریشەوە، بەهێزکردنی تواناکانی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە کلیلی سەرەکییە بۆ ڕزگاربوونیان لە ژێردەستەیی. کاتێک ژنێک خاوەن سەربەخۆیی داریی خۆیەتی، دەتوانێت بڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات و بە ئاسانی نەبێتە قوربانیی هەلومەرجی نادادپەروەرانە. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە دەرفەتی یەکسان بۆ خوێندن، فێربوونی پیشە، و دەستپێکردنی کار و پڕۆژەی بازرگانی بۆ ژنان دابین بکرێت، لەگەڵ پێدانی قەرز و ئاسانکاریی دارایی لەلایەن حکومەت و ڕێکخراوەکانەوە. میدیاش ڕۆژانە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە چاندن یان تێکشکاندنی پێشداوەرەکان؛ لەبەر ئەوە، پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن واز لە وێناکردنی ژن وەک کائینێکی لاواز یان تەنها وەک جوانکاری بهێنن و لە بەرامبەردا پێشەنگ و سەرکەوتنەکانی ژنان لە بوارە جیاجیاکانی زانست، سیاسەت، هونەر و ئابووریدا نیشان بدەن بۆ ئەوەی ببنە نموونەی باڵا بۆ نەوەکانی داهاتوو.
کۆمەڵگەی کوردی وەک بەشێک لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی، بە درێژایی مێژوو قۆناغی جۆراوجۆری لە بواری مافی ژناندا تێپەڕاندووە. لە لایەکەوە، مێژووی ئێمە پڕە لە ژنی قارەمان، تێکۆشەر، شاعیر و سەرکردە کە توانیویانە لە کاتە سەختەکاندا پێشڕەوی بکەن و مۆرکی خۆیان لەسەر مێژوو جێبێڵن. لە لایەکی تریشەوە، بەهۆی کاریگەریی کەلتووری ناوچەکە، دواکەوتوویی ئابووری، و دۆخی سیاسیی ئاڵۆز و نائارام، ژنانی کورد زۆر جار زۆرترین باجیان لە قەیرانەکاندا داوە. لە دەەیەکانی ڕابردوودا، لەگەڵ دروستبوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاککردنی ڕۆڵی ژنان لە دامەزراوەکانی حکومەتدا، و دەرکردنی هەندێک یاسای باش بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، هەنگاوی باش ناوە، بەڵام هێشتا کێشە و دابوڕانی گەورە لە نێوان شارە گەورەکان و ناوچە لادێنشینەکاندا بوونی هەیە، کە پێویستی بە هۆشیاریی بەردەوام و خەباتێکی مەدەنیی فراوانتر هەیە.

لە کۆتاییدا، دەبێت ئەوە لە یاد نەکەین کە یەکسانیی جێندەری پڕۆسەیەکی کاتی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی فیکری و کەلتوورییە کە کاتی دەوێت و پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە هەیە، چونکە ئازادی و دادپەروەری بۆ نیوەی کۆمەڵگە بە مانای ئازادی و پێشکەوتنی تەواوی کۆمەڵگەیە. پیاوان نابێت وەک دوژمن یان ڕکابەر لەم پرسە بڕوانن، بەڵکو وەک هاوبەشی ژیان کە بە یەکسانی و هاوکاری دەتوانن ژینگەیەکی تەندروستتر، سەلامەتتر و خۆشگوزەرانتر بۆ خۆیان و منداڵەکانیان بنیاد بنێن. کاتێک ژنان دەرفەتی یەکسانیان دەبێت بۆ ئەوەی بەهرە و تواناکانیان تاقی بکەنەوە، بێگومان کۆمەڵگە لە هەموو ڕەهەندە زانستی، ئابووری، فەرهەنگی و ئەخلاقییەکاندا گەشەیەکی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت و هەنگاوێکی گەورە بەرەو داهاتوویەکی ڕووناکتر و مرۆڤدۆستانەتر دەنێت.

نووسینی: ناسک سعید