
کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی ژنانی دیاسپۆرا لە ستۆکهۆڵم.
کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی ژنانی دیاسپۆرا لە ستۆکهۆڵم.
بەرواری ١٧ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی ژنانی دیاسپۆرا لە شاری ستۆکهۆڵم لە Kulturhuset کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەڤین ساڵح، میدیا حەسەن، ئەڤین شنگالی، ماهان ئەشرەفی، لەگەڵ شەرمین بوزەرسلان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری KDWF فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستان ئامادە بوون.
سەرەتا کردنەوەی کۆبوونەوە لەلایەن ئەڤین شنگالی.
لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا شەرمین بۆزەرسلان باسێکی لەبارەی کارو چالاکیەکانی KDWF فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستان پێشکەش کرد.
دواتر تاوتوێی پلانی ڕێکخراوەکە و باس لە دەستکەوتە گرنگەکانی لە داهاتوویەکی نزیکدا کرا.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا بڕیادرا ئەنجومەن کار بکات بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەی خوارەوە لە دەستووری ڕێکخراوەکەدا:
١- کارکردن بۆ یەکسانی جێندەر و مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان.
٢- هەوڵدان بۆ نەهێشتن و وەستاندنی توندوتیژی دژی ژنان.
٣- کارکردن بۆ دڵنیابوون و ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندنەوە و نووسین بە زمانی دایک بۆ ژنان.
٤- کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی دەرفەت بۆ خوێندن، گەشەپێدان، و باشترکردنی بژێوی ژیان بۆ ژنان.
٥- کارکردن بۆ بەفەرمی کردنی زمانی کوردی، کە ببێتە زمانی نووسین و فێرکردن لە هەموو پارچەکانی کوردستان.
٦- کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئاسایش بۆ ژنان.
٧- کارکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی ژنانی زیانلێکەوتووی جەنگ و توندوتیژی پارێزگاری و پشتگیری بکرێن، و
چارەسەرکردنی گونجاویان بۆ دابین بکرێت.
٨- پشتیوانیکردن لە مافەکانی مرۆڤ و مافە بنەڕەتییەکانی کورد.
جێگەی ئاماژەپێدانە کە ئەمە دووەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە بوو دوای کۆبوونەوەی ساڵانە لە ١٥ ی ئەیلوولی ٢٠٢٤.
شایانی باسە کە ڕێکخراوەکە تۆمارکراوە و ژمارەی فەرمی نێو ڕێکخراوانی وڵاتەکەی وەرگرتووە، هاوکات لیستی ئەندامەکان نوێکراوەتەوە.
یەکێک لە کارە گرنگەکانی ئەم کۆمەڵەیە، ئەوەیە کە بەدواداچوون بۆ دادگاییکردنی ژنانی داعش دەکات کە تۆمەتبارن بە کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی. لەم سۆنگەیەوە گفتوگۆ لەگەڵ ژمارەیەک ڕێکخراوی سویدی و نێودەوڵەتی دەستی پێکردووه، هەروەها مایەی خۆشحاڵیە کە ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەن لە تۆڕی نێودەوڵەتی G100 بوون بە ئەندام.
لە کۆتاییدا ئەنجومەن لیستێک بۆ پەیوەندی و دیالۆگ لەگەڵ ڕێکخراو و دەسەڵاتداران ئامادە دەکات بۆ هاوکاری لە دەوری ئامانجەکانمان.
کاری سەرەکی ئەم ڕێکخراوه داکۆکیکردن له ماف و ئازادییەکانی ژنانی کورد و خەڵکی کوردستانە.
لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمدا، پلانمان هەیە زیاتر جەخت لەسەر ئەم کارانە بکەین:
- بەردەوامبوون لە بەدواداچوونی پرۆسەی دادگاییکردنی ژنانی داعش لەسەر جینۆساید.
- کار بۆ ڕێگریکردن لە یاساکانی هاوسەرگیری منداڵان لە عێراق، هاوکات پەیوەندیکردن و هاوکاریکردنی دەزگا و ڕێکخراوەکانی تر لەسەر ئەم بابەتە.
- کارکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە پاڵپشتی دەروونی هەبێت بۆ هەموو ئەو ژنانەی کە شەڕی چەکدارییان بینیوە و ئەو ژنانەی دووچاری توندوتیژی دەروونی و جەستەیی بوونە.
- کارکردن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە خولی تایبەت بە خوێندنەوە و نووسین بکرێتەوە، بۆ ئەو ژنانەی کە دەرفەتی خوێندنەوە و نووسینیان بە زمانی دایکیان نەبووە نە لە سوید و نەلە کوردستان.
- کار بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ژنانی وڵاتانی تر دەرفەتی گونجاویان بۆ دابین بکرێت بۆ بەشداری زیاتر لە کۆمەڵگەدا، لەوانە دەرفەتی بەکارهێنانی ئازادانەی ئامڕازەکانی گواستنەوەی گشتی، وەرگرتنی پەروەردەی گونجاو، و پشتگیری دایک و باوکان.
- گفتوگۆکردن لەگەڵ ژمارەیەک ڕێکخراو و دامەزراوە لەسەر بنەمای ئامانج و دانانی پلانی بازرگانی.
- بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و پەیامی ڕێکخراوی KDWF فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی سەبارەت بە توندوتیژی دژی ژنان پێش ٢٥ ی تشرینی دووەم و ٨ ی ئازار، بە مەبەستی ئەنجامدانی چالاکی بۆ ئەندامان.
30ê mjda 2024an





