
بەیاننامەی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بە بۆنەی ٨ی مارس
بەیاننامەی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بە بۆنەی ٨ی مارس
٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ئافرەتان وەکو یادێکی ساڵانەی نێودەوڵەتی بە شێوازی جیاجیا یاد دەکرێتەوە دەوڵەتان شێوازی تایبەت دەگرنەبەر بۆ یادکردنەوەی، زۆربەی ووڵاتان سیمایەکی سیاسی وەردەگرێت و ژنان بە خۆپێشاندان و مانگرتن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان ئەم یادە دەکەنەوە و لە هەندێکیش سیمایەکی تەواو کۆمەڵایەتی و ئاهەنگ ئامێز وەردەگرێت، لە کاتێکدا ئەم رۆژە بە بیر هێنانەوەیە بۆ خەبات و قوربانی دانی ژنان لە پێناو دەستکەوتنی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی.
ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ٨ی ئازار دەکرێتەوە وێرای ئەوەی ئافرەتان بونەتە هێزی گۆرانکاری لە ژینگە کۆمەڵایەتیەکانی زۆرێک لە ووڵاتان لە پێناو بەدیهێنانی یەکسانی و ناجیاکاری و هێنانە کایەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و لەم پێناوەشدا دەستکەوتی زۆر بەدەت هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەندێک شوێنی تر ژنان و کچان بونەتە قوربانی یاسا و نەریتە کۆمەڵایەتیەکان و سوتماکی سیاسەتی چەوتی هێزە سیاسیەکان و حوکمرانی ووڵاتان و بیر و هزری پیاو سالاری و ئەنجامدانی شێوازەکانی توندوتیژی بەرامبەریان بەردەوامە.
فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی لە کاتێکدا ئەم یادە پیرۆزدەکات و هەوڵەکانی بزوتنەوەی فیمینیزمی ژنان بەرز دەنرخێنێت لە سەرتاسەری جیهان و لە ماوەی ساڵێکی کارکردنیدا وەکو رێکخراوێکی نێودەوڵەتی لە پێناو یەکخستن و کۆکردنەوەی دەنگی ژنان لە دیاسپۆراو پارچەکانی کوردستان و بە تەواوی ئایدیاکانەوە لە پێناو گەیاندنی دەنگیان بە کەناڵە نێودەوڵەتیەکان و دەسەڵاتی ووڵاتان لەسەر پرسە نەتەوەییەکان و گۆڕینی حوکمی (استبدادی) و بەشداری راستەقینەی ژنان لە پێگەکانی بریار و رەخساندنی دەرفەتی یەکسان و تواناسازی لە هەموو سێکتەرەکاندا دامەزرا و هەموو هەوڵێکی بۆ کۆکردنەوەی توانا و هێزی ئافرەتی کوردستانیە و مینبەرێکە بۆ دەرخستن و پێشاندانی تواناکانی ژنان لە کایە جیاوازەکاندا و یەک گوتاری و یەک رەفتاری بۆ دەستەبەری مافەکان و جۆری کۆمەڵایەتی و یەکسانی لە نێوان هەردوو رەگەزدا.
جارێکی تر پیرۆزبای یادی ٨ی مارس لە تەواوی ژنانی جیهان و کوردستان و خێزانی سەربەرزی شەهیدان و قوربانیانی تری گەلەکەمان دەکەین و بەو ئومێدەین کە ئەم یادە زەنگێکی تری بیرهێنانەوەی دەسەڵاتداران و تاکەکانی کۆمەڵگە بێت بۆ ڕاگرتنی هەموو جۆرە جیاکاری و توندوتیژیەک دژی ژنان و هەموو لایەک هاوکار بن لە هێنانە کایەی ژینگەیەکی سەقامگیری کۆمەڵایەتی.
فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی
٨ی مارسی ٢٠٢٤
8ê adra 2024an





