
پەیامی فیدراســیۆنی ژنانی دیاسپۆڕای کوردستانی بۆ ساڵڕۆژی بەرەنگــابوونەوەی توندوتیژیی دژ بەژنان.
پەیامی فیدراســیۆنی ژنانی دیاسپۆڕای کوردستانی بۆ ساڵڕۆژی بەرەنگــابوونەوەی توندوتیژیی دژ بەژنان.
لەڕۆژی٢٥ی نۆڤەمبەری هەمووســاڵێک ١٦ ڕۆژ تەرخان ئەکرێت بۆ بەرەنگــابوونەوەی توندوتیژیی دژ بەژنان.
لە بەرواری ١٧ی دیسـەمبەری سـاڵی ١٩٩٩ لەلایەن ڕێکخـــراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەشــتاوسێیەمین کۆبوونەوەی گشـــتی خۆیان، ئەم ڕێکەوتەیان بە ڕۆژی توندوتیژی دژ بە ژنان دەســتنیشـانکرد، بەم بۆنەیەوە بەیاننامەیەکیان بۆ ڕێگەگرتن لە توندوتیژی دژ بە ژنان دەرکرد کە تیایدا ئەرکی دەوڵەتەکان و هەڵوێســـتی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ ئەم مەبەســتە خرانە ڕوو.
لە بڕیارەکەدا هاتووە کە پێویســتە بنهماكانی پەیوەندیدار به یەكسـانی، ئاســایش، ئازادی، شـکۆی مرۆڤهكان، مافە گشــتیەکان بەبێ جیاوازی بۆ هەمووان دەستەبەربکرێن.
هاوکــات لە ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی نەھێشــتنی توندوتیژی دژی ژناندا هاتووە و ئەڵێت؛
“توندوتیژی دژی ژنان بریتییە لە بەرجەستەبوونی پەیوەندییە مێژوویە نایەکسانەکانی نێوان ژن و پیاو، و توندوتیژی دژی ژنان یەکێکە لە رێکار و شێوازە سەرەکییەکان کە ژنان بەزۆر و ناچاری دەخرێنە ئاستێکی نزمتر و کەمتر بە بەراورد بە پیاوان”.
هەروەها ڕاپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە چەندییەتی توندوتیژییەکان دەرهەق بە ژنان دەریخستووە کە لە سێ ژن یەکێکیان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، و ژمارەی ئەو ژنانەی دەکوژرێن لە جیهاندا زیاترە لە مردنی سروشــتی، مردن بە هۆکاری نەخۆشی شێرپەنجە، و نەخۆشی مەلاریـــا، کەئەمەش زەنگێکی ئاگادارکەرەوەی مەترسیدارە سەبارەت بە توندوتیژی و پێشــێلکارییەکان بەرامبەر بەژنان.
شــایانی ئاماژە پێکردنە کە توندوتیژییەکانی دژی ژن مێژوویەکی دوورودرێژی ھەیە، ڕووداو و ڕادەی توندوتیژییەکە لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازی هەیە.
ئەم کردە توندوتیژییە بە ڕێکار و شێوازێکی چەوســاندنەوە و داپلۆسینی ژن دادەنرێت چ لە کۆمەڵگە یان پەیوەندی تاکەکەسی دا بێت و دەکرێت ھۆکارەکەی بگەڕێتەوە بۆ ھەستی خاوەندارێتی، هەستکردن بە باڵادەستی، سروشتێکی دەروونی توندوتیژانە و کینەیەکی زکماکی بەرامبەر بە ژن لەلایەن کەسی توندوتیژکردارەوە.
هەرچەند ئاشـــکرایە ژنان لە زۆربەی وڵاتان تا ئەمڕۆش بەردەوام تووندوتیژییان بەرامبەر ئەکرێت بە هۆکار و فاکتەری زۆر جۆراوجۆر، وەک جیاوازی ڕەگەزی، کلتور، دابوونەریت، فاكتەری نەتەوەیی، سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری و ژینگەیی، ئەمانە هۆكاری دیارن لەسەر بەردەوام بوون، و زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان.
هاوکات ئەببینین کە مایەی خۆشـــحاڵیی و ئومێدە، ئەمڕۆ ژنان لەجیهان بەگشتی و بەتایبەتی لە كوردستان، سەرەڕای سەختیەکان هەموو بەیەک بیروبڕوا خەبات ئەکەن بۆ بەدیهێنانی ئاشــتی و ئارامی، دوور لە توندوتیژی بەهەموو شێوەكانییەوە، بەتایبەت لە ٢٥ ی نۆڤەمبەردا هەمووساڵێک بە چالاکی هەڵمەتی ھۆشیارکردنەوە و ڕاگەیاندنی کەمپەین ژنان یەک دەنگن بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و جیهانێک كە دووربێت لە هەموو جۆرە تووندوتیژییەک.
فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی ئیدانەی هەموو جۆرە توندوتیژییەک ئەکات، و هەردەم بانگەواز ئەکات بەتایبەت لەم ڕۆژەدا بۆ ڕێزگرتن لە بەهای مرۆڤەکان، یەکسانی، دادپەروەری، نەهێشتنی تووندوتیژی، ڕێزگرتن لە ماف و شکۆی ژنان، و جیهانێکی ئاسوودە دوور لە هەموو زەبرو زەنگێکی دەروونی، و جەستەیی.
هاوکات خوازیارین جیهان بەبێ جیاوازی یەکدەنگ بێت بەهەموو ڕەنگ، ڕەگەز، ئایین، نەتەوە، و شوێنی نیشتەجێ بەرامبەر تاوانەكانی توندوتیژی و هەڵوێستی ڕوونیان هەبێت.
لەکۆتاییدا فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی، شان بەشانی ژنانی جیهان بەیەک دەنگ ئەڵێین:
“ نا بۆ توندو تیژی،
بەڵێ بۆ ڕێزگرتن لە شکۆی ژن”
فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی
یەکشــەممە ٢٤/١١/٢٠٢٤
24ê mjda 2024an





