top of page
< Back

پەیامی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی بۆ ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان

ڕۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر، وەک ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، تەنها یادکردنەوەیەک نییە، بەڵکو بانگەوازێکی زۆر بەپەلەیە بۆ کۆتاییهێنان بە یەکێک لە بەربڵاوترین پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان.

توندوتیژی دژ بە ژنان تەنها بریتی نییە لە لێدان و ئازاری جەستەیی، بەڵکو چەندین ڕەهەندی دیکە دەگرێتەوە وەک توندوتیژی دەروونی، سێکسی، ئابووری و دیجیتاڵی، کە هەموویان ڕێگرن لەبەردەم ژیانی شکۆمەندانە و بەشداریی کارای ژنان لە کۆمەڵگەدا. ئەم کێشەیە سنووری ئایدیۆلۆژیا، جوگرافی، و چینایەتی نییە و دەبێت بە یەکجاری کۆتایی پێبێت.


بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە پێویستی بە هەوڵێکی گشتگیر و هاوبەش هەیە. دەبێت حکومەتەکان و دامەزراوە یاساییەکان بە توندی پابەند بن بە نوێکردنەوەی یاساکانیان و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنیان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ سزادانی تاوانباران و بنبڕکردنی کولتووری لێبوردەیی. هاوکات، دابینکردنی خزمەتگوزاریی کوالیتی و گشتگیر، وەک پەناگە، پشکی یاسایی، و چارەسەری دەروونی، بۆ قوربانیان ئەرکێکی مرۆیی و یاساییە.


لەسەر ئاستی کۆمەڵگە، پێویستە هەموومان، بەتایبەتی پیاوان، ببنە هاوبەش لەم بەرەنگاربوونەوەیەدا. دەبێت لە ڕێگەی پەروەردە و هۆشیارییەوە، كەلتووری ڕێزگرتن و یەکسانی جێندەری بچێنین و دژی بیر و بۆچوونە کۆنەپەرستەکان بوەستینەوە کە ڕەوایەتی بە توندوتیژی دەدەن.

لەگەڵ دەستپێکی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی چالاکی، بانگەواز دەکەین کە کۆتایی بە بێدەنگی بهێنرێت و هەمووان بەیەکەوە کار بکەین بۆ دروستکردنی جیهانێک کە تێیدا هەموو ژن و کچێک بتوانن بەبێ ترس و بە تەواوی مافەکانیانەوە بژین.


لەم ڕۆژەدا، سەری ڕێز بۆ شكۆمەندی ئەو ژنانە دادەنوێنین كە بوونەتە قوربانی هزری پیاوسالاریی و نایەكسانی. ئەو ژنانەی بوێرانە داكۆكی لە مافی خۆیان و سەرجەم ژنان دەكەن.


فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی

٢٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٥

25ê mjda 2025an

bottom of page