
سیمینارێک بۆ ڕێکخراوەکانی ژنان
ڕۆژی یەکشەممە بەرواری ٩/٢/٢٠٢٥ کاتژمێر ٣ ی دووانیوەڕۆ تا ٦ ی ئێوارە، لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج سیمینارێک لەلایەن کۆمەڵگەی باوەڕ و سەنتەری ڕۆشنبیری کوردی kurdisk trosamfunn og kultursenter
سازکرا.
سیمینارەکە بەهاوکاری هەردوو بەڕێزان کاک نەجمان ســندی، خاتوو ئەڤین حاجی، هەروەها بەڕێوەبەری بەرنامە خاتوو شــیراز هەرکـی، و ڕووماڵکردنی سیمینار لەلایەن کوردستان تی ڤی بەڕێز کاک یونس حەمەد کوردی ئەنجامدرا.
فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆڕای کوردستانی وەک ڕێکخراوێکی گرنگی نێودەوڵەتی بە بانگهێشتی فەرمی لەلایەن کۆمەڵگەی باوەڕ و سەنتەری ڕۆشنبیری کوردی، بەڕێزان دەریــا خـۆشــناو وەک بەرپرســی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆڕای کوردستانی لەنەرویج و کوێستان عومەرزادە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری فیدراسیۆن بەشدارییان کرد لە سیمینارێک لەژێر ناوی Kvinne samling یەکبوون و کۆکردنەوەی ژنان.
هەریەک لە بەشداران کە بەرپرسی ڕێکخراوێک یان زیاتر بوون بەشێوەی پانێل بابەتەکانیان پێشکەشکرد.
دەریــا خـۆشــناو وەک بەرپرســی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆڕای کوردستانی لەنەرویج لەسەرەتای قسەکانیدا
پیرۆزبایی کردنەوەی سەنتەری ڕۆشنبیری کوردی کرد، و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن، و دەستخۆشی و سوپاسی ڕێکخەرانی سیمینارەکەی کرد.
دووابەدووای ئەوە بەبۆنەی ڕۆژی دایکان پیرۆزبایی بەناوی خۆی و فیدراسیۆنی ژنان ئاڕاستەی دایکانی جیهان بەگشتی و دایکانی کورد بەتایبەتی کرد. هیوای خواست خودا تەمەنی دایکانمان درێژ بکات و هەردەم ساغ و تەندروست بن.
شایانی باسە لە پانێــلدا دەریــا خـۆشــناو وەک بەرپرســی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆڕای کوردستانی لەنەرویج، باسێکی تێر و تەسەلی لەبارەی چۆنیەتی پێکهاتن و مەبەستی دروست بوونی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆڕای کوردستانی، کۆمیتەی وڵاتان، ئەرک و چالاکی، دیــد و ئامانجەکانی پێشکەشکرد.
هاوکات لە بەشـێکی تری باسەکەیدا جەختی کردەوە لەسەر بارودۆخی هەستیاری کورد لەئێستادا، گرنگی یەکگرتوویی، لێبوردەیی، لەگەڵ ڕێزگرتن لە بیروبۆچوونی یەکتری.
هەروەها بەردەوام بوون لە هەوڵــدان بۆ پاراستن، و بەرگریکردن لە ئازادی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و ئازادی ژن بەتایبەتی کە وەک بناغەی ئازادی مرۆڤایەتی پێناسەکرد، و ئاماژەی پێدا کە چەندە پێویستە هەمووان پشتیوانی لێبکەن و بەرپرسیارێتی هەڵبگرن.
کۆتایی سیمینارەکە بە بڕینی کێک لەلایەن بەشداربووانی پانێل ئەڤین حاجی، دەریا خۆشناو، ڕەنگین مەهما، ئاڤان ساڵح، و خاتووزین بەرزنجی بەبۆنەی ڕۆژی دایکان، و پیرۆزباییکردنی ئامادەبووان لەیەکتری کۆتایی هات.
9ê sbta 2025an





























