
بەیاننامە و پیرۆزبایی فێدراسیۆنی ژنانی دیاســـپۆڕای کوردســتانی بە بۆنەی ٣٤ەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینی کوردستان.
فێدراسیۆنی ژنانی دیاســـپۆڕای کوردســتانی ئەمڕۆ ٥ی ئازار لەیادی یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینی کوردستاندا پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی کوردستانیانی ئازیز بەگشتی و بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان، ئەو ژنە خەباتکارانە ئەکەین کە شان بەشانی برا پێشمەرگەکان تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی ئازادی بۆ نەتەوە و سەربەخۆیی بۆ وڵاتەکەیان.
ئێمە ئەمڕۆ ڕێز لە یەکێک لە گرنگترین ڕۆژەکانی مێژووی خۆمان دەگرین، ڕۆژێک کە نوێنەرایەتی خەباتی ئازادیخوازیی و ئیرادەی بەرز و نەگۆڕی گەل دەکات بۆ تێکۆشان بۆ مافەکانیان. ئەمە تەنها ڕۆژێک نییە بۆ یادکردنەوەی ڕابردوو، بەڵکو ڕۆژێکە بۆ تێڕوانین بۆ داهاتوویەکی گەش، و درێژەدان بە خەباتمان بۆ دادپەروەری و ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین.
شایانە وەبیرهێنانەوەیە کە ڕاپەڕین لە ٥ ی ئازاری ١٩٩١ لە شاری ڕانیەی قارەمانەوە دەستی پێکرد، هەربۆیە ئەم شارە ناونرا دەروازەی ڕاپەڕین. دوابەدوای ئەوە ڕاپەڕین شار و ناوچەکانی تری گرتەوە، ٧ ی ئازار شاری سلێمانی، ١١ ی ئازار شاری هەولێر، ١٤ی ئازار شاری دهۆک، یەک لەدوای یەک ئازادکران، تا ٢١ی ئازار ڕاپەڕین گەیشتە شاری کەرکووکی دڵی کوردستان.
ئاشکرایە لە مێژوودا چەندین سەدە گەلی کورد بەدەست ستەم و زوڵمی و نادادپەروەرییەوە دەناڵێنێت. سەرەڕای ئەمەش ئێمە هەرگیز دەستبەرداری ناسنامەی خۆمان، زمانەکەمان و خەونی کوردستانێکی ئازاد و دادپەروەرانە نەبووین. ئەم ڕۆژە بەهێزی بەرخۆدان و شەڕی مانەوەی خۆمان و کەرامەتی گەل هاتە ئاراوە.
هاوکات ئێمە ڕێز لە هەموو ئەو شەهیدانە دەگرین کە گیانیان بەختکردووە، ئەوانەی لە بەرەکانی شەڕدا خەباتیان کردووە، سەری ڕێز و نەوازش لەئاستیان دائەنەوێنین. هەروەها ڕێز لەو مرۆڤە خۆڕاگرانە ئەگرین کە لە دەربەدەریدا ئازاریان چەشتووە و ئەوانەی کە تا ئێستاش لە بەرەکانی پێشەوە وەستاون بۆ بەرگریکردن لە خاک و وڵات و مافەکانمان. ئێمە پێزانینی خۆمانین دەردەبڕین بۆ درێژەدان بە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین، و خەبات لەسەر بنەمای یەکڕیزی و ئاشتی و ئازادی.
هەروەها ڕاپەڕینی کوردستان شایەدی ئەوەیە کە خەباتی ئێمە تەنھا خەبات نییە بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی تریش خەباتی دژ بە ستەم و بۆ مافی دیاریکردنی ژیان و ئایندەی خۆیانە. هێزی ئێمەی کورد لە ئینتیما بۆ نیشتمان، یەکگرتوویی، پاراستنی زمان و کەلتوور و باوەڕی نەگۆڕمان، و دادپەروەریدایە.
با ئەم ڕۆژە بکەینە هۆکار بۆ پتەوکردنی هاودەنگیمان و ڕێزگرتن لە خەباتکارانمان و بەردەوامبوون لە کارکردن بۆ ئایندەیەکی گەشاوەتر.
پیرۆزە ڕۆژی ڕاپەڕینی کوردستان!
بژی کوردستان، بژی ئازادی!
فێدراسیۆنی ژنانی دیاســـپۆڕای کوردســتانی
چوارشـــەممە
٥/٣/٢٠٢٥
6ê adra 2025an





