top of page
Search

گەروەترین تاوانە ژن لەپێناو وتنی وشەی “نەخێر” بکوژرێت.


شیرین زەکی
شیرین زەکی

ڕووداوەکانی کوشتن لەکۆمەڵگەی ئێمەدا بۆتە دیاردەیەکی ئاسایی و خەڵک بەبیستن و بینینی ھەواڵەکانی کوشتن، ڕانەچڵەکێت. بەڕاستی ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە و پێویستی بە ھەڵوەستەکردنێکی جدی ھەیە.


ئەو چیرۆکەی دوێنێ شەو لەشاری ھەولێر ڕوویدا، ھاوشێوەی ئەو چیرۆکەیە کە لەساڵی ٢٠١٣ ڕوویدا، ھەتا ئێستاش نەتوانراوە مافی ڕاستەقینەی ئەو بنەماڵەیە وەربگیرێتەوە کە ئەو تاوانە نامرۆییەیان لەگەڵدا کرا. دووبارە بوونەوەی ئەو چیرۆکانە وا دەکات تاکی کورد بێ باک بێت لەوەی کە ئەگەر ھەرچیەکی بەسەر بێت، تاوانبار سزای یاسایی خۆی وەک پێویست وەرناگرێت. ئەوەی زەرەرمەند دەبێت تەنھا ئەو کەس و خانەوادەیە کە زوڵمەکەیان لەبەرامبەر کراوە.


ئێمە پێویستمان بەدووبارە داڕشتنەوەی پەروەردەیەکی دروست ھەیە بۆ پەروەردەکردن و پێگەیاندنی مناڵەکانمان. پەروەردە بەخێوکردن نییە، بەڵکو نەخشەڕێگەی ژیانە کە دەخرێتە بەردەم ژیانی مناڵ و خێزان. لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم، کەکاتێک چیرۆکێکی کوشتنی وەک دوێنی ڕوودەدات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکرێتەوە، ئەو کۆمێنتانەی کە دەیبینین بەڕاستی جێگەی نیگەرانییە، چونکە تێدەگەیت کە ئاستی ھۆشیاری خەڵک لە کوێدایە.


لەو ڕووداوەدا کە ژنێک و خێزانەکەی زوڵمیان لێکراوە، بیرکردنەوەیەکی زۆر نامەنتیقیە کە پێمان وابێت تاوانبار لەسەر حەق بووە، و دەبووایە ژنەکە لێبوردە بوایە بۆئەوەی ئەو کارەساتە ڕوونەدات. لەکاتێکدا پیاوەکە تاوانبارە بە پێشێلکردنی مافی خێزان و ژنەکەی. ئەم بیرکردنەوەیە پێمان دەڵێت لەکۆمەڵگەکەماندا، ھێشتا ژن وەک مرۆڤ و ھاوبەشی ژیان سەیر ناکرێت، ھێشتا ڕێگە بەوە نادرێت ژن لەبەرامبەر ئەو زوڵم و ناحەقیەی لەبەرامبەری دەکرێت دەنگ ھەڵبڕێت و داوای مافی خۆی بکات، بەڵکو دەبێت ژن ھەر چەوساوە و ژێر دەستەی عەقڵی پیاوێکی خاوەن ھزری پیاوسالاری و زاڵم بێت.

 
 
 

Comments


bottom of page