پەیامی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای كوردستانی لە دوازدەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا

پەیامی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای كوردستانی لە دوازدەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا


خوشک و دایکە سەربەرزەکانی قوربانیان و جینۆسایدکراوانی کوردانی ئێزدی...

١٢ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤، یەکێک لە دڕندانەترین و نامرۆڤانەترین تاوانەکانی سەدەی نوێ دژی پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کۆمەڵگاکەمان ئەنجام درا. لەو ڕۆژە ڕەشەدا، تیرۆریستانی ڕێکخراوی توندڕەوی "داعش" هێرشیان کردە سەر شاری شنگال و دەوروبەریان. لە ئەنجامی ئەم شاڵاوە دڕندانەیەدا، خەڵکی سڤیل دووچاری ئاوارەبوون، ماڵوێرانی، کوشتنی بەکۆمەڵ و ڕفاندن بوونەوە.
ئێمە لە فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای كوردستانی، لە کاتێکدا ئەم یادە خەمناکە بە بەشێک لە مێژووی خوێناویی گەلەکەمان دەزانین، بە ڕێز و پێزانینێکی قووڵەوە سڵاو بۆ خۆڕاگری، کۆڵنەدان و سەروەریی دایکانی جگەرسووتاو، ژنانی تێکۆشەر و سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی ئەم مەرگەساتە دەنێرین، کە سەرەڕای توندترین ئازار و نەهامەتی، پارێزگارییان لە ناسنامەی نەتەوەیی و ئاینیی خۆیان کرد.

خوشکە ستەملێکراوەکانمان... داعش لەگەڵ هێرشەکانیدا، بە ئاشکرا زەبرێکی گەورەی دەروونی و جەستەیی ئاراستەی ژنانی ئێزدی کرد؛ لە ڕێگەی دەستدرێژیی هەمەچەشن و هەوڵدان بۆ تێکدانی شوناس و دیمۆگرافیای ناوچەکە، کە هەموو ئەم ڕەفتارانە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەچنە خانەی تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە.
فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای كوردستانی لەم یادە کارەساتبارەدا، وێڕای دەربڕینی ئامادەیی تەواوی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هەر خزمەتێکی شایستە بە کەسوکاری قوربانیان و کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان، جەخت لەم خاڵانەی خوارەوە دەکاتەوە:
داواکاریی بەپەلە دەکەین بۆ دروستکردن و کاراکردنی دادگایەکی تایبەتمەند لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نیشتمانی بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی داعش و دادگاییکردنیان لەسەر ئەو تاوانە گەورانەی دژی ژنان و منداڵانی ئێزدی ئەنجامیان داوە.
جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی خێراکردن لە دۆزینەوە و ئازادکردنی ئەو ژن و منداڵە ڕفێنراوانەی کە هێشتا چارەنووسیان نادیارە، لەگەڵ پێشکەشکردنی هاوکاریی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ڕزگاربووان.
داوا لە حکوومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین ئەرکی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات لە قەرەبووکردنەوەی دادپەروەرانەی کەسوکاری قوربانیان، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان بە سەربەرزی، و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و ئاوەدانکردنەوەی.
ستایشی هەنگاوەکانی پەرلەمان و وڵاتانی جیهان دەکەین لە ناساندنی ئەم مەرگەساتە وەکو جینۆساید، و داواکارین هەوڵە نێودەوڵەتییەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان.

با لە دوازدەیەمین ساڵیادی ئەم کارەساتەدا، هەموومان پێکەوە  خەبات دژی هزری توندڕەوی و توندوتیژیی دژی ژنان بكەین،و هەموو هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ بۆ سارێژکردنی برینەکانی خوشکە ئێزدییەکانمان.
درود بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی كوردستان و قوربانیانی جینۆسایدی ئێزدییەکان سڵاو لە خۆڕاگریی ژنان و دایکانی سەربەرزی ئێزدی

فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای كوردستانی ٣ی ئابی ٢٠٢٦