کوردستان کورسیی فەرمیی لە تۆڕی نێودەوڵەتیی G100 بەدەست هێنا

کوردستان کورسیی فەرمیی لە تۆڕی نێودەوڵەتیی G100 بەدەست هێنا


شاندێکی نوێنەرایەتیی ژنانی کورد. بە بەشداری لە لوتکەی سەرکردایەتیی نێودەوڵەتیی G100 بۆ ساڵی 2026 لە پورتوگال، توانییان دیدگای باوی قوربانیبوون بگۆڕن بۆ سەرکردایەتی و دەستپێشخەری، هاوکات لە کۆتایی لوتکەکەدا دەستکەوتێکی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان بەدەست هات و نوێنەرایەتیی فەرمیی کوردستان لەو تۆڕە جیهانییەدا راگەیەندرا.

لەڕێکەوتی 8 بۆ 10ی ئۆکتۆبەری 2026، لە شاری سێسیمبرای پورتوگال، کۆبوونەوەی ساڵانەی لوتکەی سەرکردایەتیی G100 بە ناونیشانی هێز، کاریگەری و ئەنجام، ژنان گۆڕانکاری دروست دەکەن، بەڕێوە چوو، لوتکەکە تایبەت بوو بە کۆکردنەوەی ژنانی سەرکردە، خاوەنکار، یاساناس و کەسایەتییە کاریگەرەکانی جیهان بە ئامانجی داڕشتنی سیاسەتی نوێ بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە کایە نێودەوڵەتییەکاندا.

لەم کۆڕبەندە جیهانییەدا، ژنانی کورد لە ڕێگەی سێ دامەزراوەوە بەشدارییەکی کارایان تۆمار کرد، کە بریتی بوون لە فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆڕای کوردستان بە نوێنەرایەتیی شیرین زەکی و ئارێز محەمەدی، سەنتەری کەی جی لۆبی و کۆنگرێسی نەتەوە و دەوڵەتان بە نوێنەرایەتیی ئاورنگ شاوەیس.

نوێنەرانی کورد لە میانەی دوو وتاری سەرەکیدا ڕوانگەی نوێی ژنی کوردیان خستە بەردەم بەشداران، وتاری یەکەم لەلایەن ئارێز محەمەدی پێشکەش کرا، کە تێیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی گرنگیی دیاسپۆڕا، بەشداریی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی تۆڕی هاوبەشی جیهانی، هاوکات 5 وانەی بنەڕەتیی بۆ سەرکردایەتیی سەردەم پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، ئاورنگ شاوەیس لە وتارێکدا نەخشەڕێگەیەکی 8 قۆناغیی بۆ گۆڕینی یادەوەری و برینە مێژووییەکان بۆ زانیاری، لۆبیکردن و گۆڕانکاریی دامەزراوەیی شی کردەوە، پەیامی هاوبەشی هەردوو وتارەکە ئەوە بوو کە نابێت چیتر ژنی کورد تەنیا وەک قوربانیی مێژوو سەیر بکرێت، بەڵکوو دەبێت وەک سەرکردە، دیپلۆمات، یاساناس و هێزی گۆڕانکاری پێناسە بکرێنەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی لوتکەکەدا و لە پانێڵێکی هاوبەشدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سویدی، باسی قوربانیدانی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا کرا.
ئاورنگ شاوەیس ڕەخنەی لە کەمتەرخەمیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت و ڕایگەیاند، لە کاتێکدا جیهان قەرزاری قارەمانێتیی گەلی کوردە لە تێکشکاندنی داعشدا، بەڵام هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان لە ئاستی پێویستدا نین، ئاماژەی بەوە کرد کە خوشک و برا ئێزدییەکان هێشتا لە کەمپەکاندا دەژین و سەرباری بوونی لۆگۆی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەوە تەنیا دەزگای خێرخوازیی بارزانییە کە باری قورسی بەهاناوەچوونی ئاوارەکانی لەئەستۆ گرتووە، ئەم تەوەرە لەلایەن 60 ژنە سەرکردەی ئامادەبوو و 750 بەشداربووی ئۆنلاینەوە دەنگدانەوەی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و زیاتر لە 100 پرسیار لەسەر پێویستیی ئاوڕدانەوەی رژدی لە هەرێمی کوردستان ئاراستەی پانێڵەکە کرا.

لەسەر ئاستی دەستکەوتی دیپلۆماسیش، لە کۆتا ڕۆژی کۆبوونەوەکەدا، خاتوو شیرین زەکی بە شێوەیەکی فەرمی وەک نوێنەری تۆڕی G100 بۆ کوردستان دیاری کرا، شیرین زەکی پێشتر لە ساڵی 2024 نوێنەری بەشی ئاسایشی تۆڕەکە بوو لە فینلەندا، بەڵام ئەم بڕیارە نوێیە پێگەیەکی تایبەت و سەربەخۆ بە ناوی کوردستان لەسەر نەخشەی چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە دادەمەزرێنێت.

هەر لەچوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا، فیلمێکی دۆکومێنتاریی بەناونیشانی (عەرعەر و سەگەکانی عەجاج) لە دەرهێنانی محەمەد حاجی قادر و کە بەرهەمی کوردستان تیڤی بوو نیشاندرا، بەر لە نیساندانی فیلمەکەش، ئاورنگ شاوەیس پێشەکییەکی سەبارەت بە شاڵاوی ئەنفال و زیندانی نوگرە سەلمان و کورد، بۆ ئامدەبووان باس کرد.

تۆڕی G100 یەکێکە لە کاریگەرترین هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکانی ژنان، کە لە 100 ژنە سەرکردەی دیاری جیهان لە کەرتە جۆراوجۆرەکانی بڕیاردان، سیاسەت، ئابووری و مافەکانی مرۆڤ پێکدێت، ئامانجی تۆڕەکە داڕشتنەوەی سیاسەتە نێودەوڵەتییەکانە بە ئاراستەی دەسەڵاتدان بە ژنان و چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بەدەستهێنانی نوێنەرایەتیی فەرمی لەم ڕێکخراوەدا دەرفەتێکی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێک لە هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان و لە ڕێگەی لۆبیی ژنانی لێهاتووەوە، پرسی مافە نەتەوەیی و مرۆییەکانی گەلی کورد بگەیەندرێتە بڕیاربەدەستانی باڵای وڵاتان.