بەشداری فیدراسیۆنی ژنان لە کۆبوونەوەی G100 Leadership Summit 2026
فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای كوردستانی، و سەنتەری لۆبی کەی جی و کۆنگرەی گەلان و دەوڵەتان (CNS) بەشداری لوتکەی سەرکردایەتی G100 2026 لە شاری سێسمبرا لە پورتوگال دەکەن، بۆ ئەوەی دەنگ، ئەزموون و ئامانجەکانی ئافرەتی کورد بگەیننە پلاتفۆرمێکی نێودەوڵەتی کە تایبەتە بە بەهێزکردنی ژنان و ڕێبەرایەتیی جیهانی.
ئەم بەشدارییە دەرفەتێکی گرنگە بۆ خستنەڕووی ڕۆڵی گرنگی ژنانی کورد، کە لە کۆمەڵگەی مەدەنی، پاراستنی کەلتوور، گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، ڕێبەرایەتی و هەوڵدان بۆ داهاتوویەکی بەهێزتر بۆ کۆمەڵگە و نەتەوەکەیان، ڕۆڵێکی بەرجەستەیان هەبووە و هەروا بەردەوامن.
نوێنەرایەتیی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای كوردستانی: شیرین زەکی و ئارێز محەمەدی
نوێنەرایەتیی سەنتەری لۆبی کەی جی و کۆنگرەی گەلان و دەوڵەتان (CNS): ئاورنگ شاوەیس پێکەوە بەشداری لە گفتوگۆکان دەکەن بۆ ئەوەی ئافرەتی کورد، ناسنامەی کوردی و دەنگی کورد لە ناو گفتوگۆی جیهانیی بۆ بەهێزکردنی ئافرەت و ڕێبەرایەتی، شوێنێکی دیار و شایستەیان هەبێت.
وەک بەشێک لە بەشدارییەکە، دۆکیومێنتاری « عەرعەرو سەگەکانی عاجاج» ـیش پیشان دەدەین. بەرهەمهێنەر: محەمەد حاجی قادر ئەم دۆکیومێنتارییە ڕێگایەکی دیکەیە بۆ گەیاندنی ئەزموون و چیرۆکە کوردییەکان بە بینەرانی نێودەوڵەتی.
بەهێزکردن تەنها ئەوە نییە کە شوێنێکت لەسەر مێز هەبێت؛ بەڵکو بریتییە لەوەی شایستەی ئەو شوێنە بیت، دەرفەتی ئەوەت هەبێت چیرۆکەکانی خۆت بگێڕیتەوە، یادەوەرییەکانت بپارێزیت و دەنگت ببیسترێت.