رۆژی شەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٦، ڕێکخراوی کەی جی لۆبی سەنتەر بە هەماهەنگی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی و یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، چالاكییەكی گرنگیان تایبەت بە جینۆسایدی گەلی کورد سازكرد. چالاكییەكە بە دەستپێكی خاتوو ئاورنگ شاوەیس، سەرۆکی کەی جی لۆبی سەنتەر وەک ناسێنەر و ڕێکخەری بەرنامە دەستی پێكرد. لەسەرەتادا، فیلمێکی دۆکۆمێنتاری لە دەرهێنانی ”جانۆ ڕۆژبەیانی” نمایشکرا. پاشان بابەتێك لەلایەن ڕۆژنامەنووس (Arnold Karskens)ـەوە پێشکەش کرا کە پێشتر لەسەر کەیسی کیمیابارانی هەڵەبجە کاری کردبوو. سیمینارەکە چەندین وتار و بەشداربووی گرنگی لەخۆگرتبوو: -وتاری دکتۆر محەممەد ئیحسان، پسپۆڕی نێودەوڵەتی لە بواری جینۆساید. وتارێک لەلایەن دکتۆر شوکری بەرواری، جێگری سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کورستانی. -وتاری خاتوو شوعلە حەبیب، بەرپرسی ناوەندی ئەوروپای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان. وتاری د. ناسک سەعید، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆڕای کوردستانی (كە لە ڕێی بەرنامەی زوومەوە بەشداری کرد) تیشكی خستەسەر فاكتەری بە جینۆسایدكردنی ژنی كورد وەك جینۆسایدی جێندەری و كاریگەرییە نەرێنیەكانی لەسەر كۆمەڵگەی كوردی بەتایبەت ژنان. -هەروەها وتارێك لەلایەن خاتوو شەوبۆ فرکادە، چالاکوانی بواری نیشتمانی. پێشكەشكرا. شایانی ئاماژەپێكردنە لە چوارچێوەی چالاکییەكەدا، هونەرمەندی شێوەکار ئاشتی گەرمیانی پێشانگایەکی لە تابلۆکانی نمایشکرد کە سەرجەمیان پەیوەندیدار بوون بە دۆسیەی جینۆسایدی گەلی کوردەوە. هاوکات، ناوەندی ئەوروپای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان کۆمەڵێک کتێبی تایبەت بە فێربونی زمانی کوردیی خستە ڕوو. ئەم چالاكییە لەلایەن هەردوو خانمی پێشکەشکار خاتوو شیلان و خاتوو یەلدا بەڕێوەچوو.