زانکۆی دهۆک و فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای كوردستانی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن

زانکۆی دهۆک و فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای كوردستانی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن



لە پێناو پەرەپێدانی هاوکارییەکان و پشتگیریکردنی زیاتری ئافرەتانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٥ی تشرینی ئۆكتۆبەری  ٢٠٢٦، زانکۆی دهۆک و فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد.

شاندی فێدراسیۆن کە پێکهاتبوو لە خاتوو شیرین زەکی جندی، سەرۆکی فێدراسیۆن، و خاتوو بەهرە حەمەڕەش، بەرپرسی كۆمیتەی فێدراسیۆن لە هەولێر، سەردانی زانکۆی دهۆکیان کرد و لەلایەن بەڕێزان د. نزار ئەمین محەمەد، بەڕێوەبەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، و د. دلین سەردار زوهدی، بەڕێوەبەری سەنتەری لێکۆڵینەوەی یەکسانیی جێندەرییەوە پێشوازییان لێ کرا.
فێدراسیۆن ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە فینلاند دامەزراوە، ڕێکخراوێکی نەتەوەییە و نوێنەرایەتیی ئافرەتانی کوردستان لە جیهاندا دەکات، ئامانجی سەرەکیی یەکخستنی دەنگی ژنان و خزمەتکردنیانە لە دیاسپۆرا و هەر چوار پارچەی کوردستان.

لە دیدارەکەدا، د. نەزار ئەمین خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بەوەی کە زانکۆی دهۆک یەکەمین زانکۆیە ئەم ڕێککەوتنە گرنگەی لەگەڵ ئەنجام دەدات. هاوکات، د. دلین سەردار ڕۆڵی سەنتەرەکەی لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا ڕوونکردەوە، و خاتوو بەهرە حەمەڕەش گرنگیی هاوکاریی هاوبەشی لەگەڵ ناوەندە ئەکادیمییەکان بەرز نرخاند.

وەک یەکەم هەنگاوی کرداری دوای واژۆکردنی ئەم یاداشتنامەیە، هەردوو لایەن ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بە هەماهەنگی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا لەسەر "پرسی ژنی کورد" ساز بکەن، کە چاوەڕوان دەکرێت چەندین زانکۆی دیکەی کوردستانیش تێیدا بەشدار بن.