دوو چالاكی لە مۆسكۆ بەڕێوەچوون; کۆڕبەندێک بۆ یادکردنەوەی 38ەمین ساڵوەگەڕی ئەنفال و دامەزراندنی كۆمیتەی ڕوسیای فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی

دوو چالاكی لە مۆسكۆ بەڕێوەچوون; کۆڕبەندێک بۆ یادکردنەوەی 38ەمین ساڵوەگەڕی ئەنفال و دامەزراندنی كۆمیتەی ڕوسیای فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی


 ڕێکەوتی  ٢٥ی تەباخی ٢٠٢٦; لە شاری مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا، ڕێوڕەسمێکی گەورە بۆ یادکردنەوەی ٣٨ەمین ساڵوەگەری پرۆسەی ئەنفال و قوربانییانی جینۆسایدی کورد بەڕێوەچوو. هاوکات لە چوارچێوەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، بە فەرمی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی  لە ڕووسیا کرایەوە.
لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا، شیرین زەکی، سەرۆکی فیدراسیۆن، (بەشێوەیەكی تۆماركراو)وتارێکی پێشکەش کرد و بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانانی باڵا و دۆستانی گەلی کوردی کرد. لەوانە: نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕووسیا، کۆنسوڵ و جێگری باڵیۆزی عێراق، هەروها کەسایەتییە گشتی و ئەکادیمییەکان.

سەرۆكی فێدراسیۆنی ژنان، لە وتارەکەیدا بە ناوی خۆی و تەواوی ئەندامانی فیدراسیۆن،  سوپاس و ڕێزێکی تایبەتی ئاراستەی سەرۆك و ڕێبەری مەزنی كورد، ڕێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی كرد بۆ پشتیوانی و چاودێریی بەردەوامی بۆ بزاڤی ژنانی کورد لە دیاسپۆڕادا. هەروەها دەستخۆشییەکی تایبەتی لە ڕێزدار کاک شێفا بارزانی كرد بۆ سەرپەرشتی و ماندووبوونی دڵسۆزانەی.

گرنگیی مێژوویی ئەم دامەزراوەیە کردەوە و ڕایگەیاند کە فیدراسیۆنەکە تەنها هەنگاوێکی فەرمی نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ یەکڕیزی، هێز و بووژانەوەی کەلتووری. ئاماژەی بەوەش کرد کە فیدراسیۆن دەبێتە سەنگەرێکی زیندوو بۆ پاراستنی زمان، هونەر و شایستەکانی گەلی کورد و گواستنەوەیان بۆ نەوەکانی داهاتوو، لە کاتێکدا ڕۆڵی ژنان وەک پارێزەرانی ناسنامەی نەتەوەیی لە پێشەنگی کارەکاندا دەبێت. هەروەها، ناوبراو لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، بە توندی ئازار و لاپەڕە تراژیدییەكانی مێژووی کوردی بیر هێناوە و داوای کرد کە بۆ پاراستنی نەوەکان لە کارەساتی هاوشێوە، پێویستە یادی قوربانییانی ئەنفال هەمیشە بە زیندویی ڕابگیرێت.

چالاکییەکە لەلایەن سێدا مۆسۆیان، نوێنەری فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای كوردستانی، و محەممەد سەوینیچ، ئەندامی فیدراسیۆن، بە پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕووسیا ڕێکخرا.

لە ڕێوڕەسمەکەدا چەندین کەسایەتی دیار ئامادە بوون، لەوانە:
خەلیل عەبدولرەزا موحسین ئەلعادیلی (کۆنسوڵی عێراق لە ڕووسیا) و مستەفا ئەحمەد (جێگری باڵیۆزی عێراق).
یوری نابییەڤ (جێگری پەرلەمانتاری دۆمای دەوڵەتی ڕووسیا).
ئەزیز عەسکەریان (هونەرمەندی گەلی فیدراسیۆنی ڕووسیا).
ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکارانی زانکۆکانی مۆسکۆ.

جێگەی باسە، لە کۆتایی بەرنامەکەدا پێشانگایەکی تایبەت بە بەرهەمەکانی نۆریک موسۆیان، هونەرمەند و ئەندازیار-نۆژەنکەرەوەی ناوداری کورد، نمایش کرا کە تێیدا تیشک خسترایە سەر لایەنە هونەری و کەلتوورییەکانی بەرهەمەکانی