شۆرشی ژنان خەباتی ڕەگەزی نییە

شۆرشی ژنان خەباتی ڕەگەزی نییە


شیاوە ئەگەر بڵێین لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بە جۆرێکیتر و ڕێکخراوانەتر و پشتبەست بە تێڕوانینێکی دیکە خەباتی ڕەگەزیی ژنان چووە سەر ڕێچکەیەکی هزری و فەلسەفی تایبەت بە خۆی، لەو دەمەوە چەندین چالاکوان و نوسەر و لێکۆڵەری ژن لە بواری پاراستن و دەستبەری مافەکان، کەوتنە ململانێ و جووڵەی بە کۆمەڵ، شەپۆلەکانی خەباتی ژنان، بەتایبەت لە ئەمریکا و بەریتانیا یەک لەدوای یەک و قۆناغ بە قۆناغ گەشەی سروشتی خۆیان کرد، تا ئێستاش بەردەوامە و پسپۆڕانی کایەکە پێیانوایە ئێستا لە ترۆپکی تەوژم یان شەپۆلی چوارەمداین.
بە پێی مێژووی نوێی سەرهەڵدانی خەباتی ژنانی ڕۆژئاوایی، شەپۆلی یەکەم بریتییە لە بزووتنەوەی داواکاری مافی ژن لە دەنگداندا، کە لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەمدا دەرکەوت. شەپۆلی دووەم، کە بە جوڵانەوەی ئازادیی ژنانیش ناسراوە، لە شەستەکانی سەدەی بیستەمدا دەستیپێکرد و داوای یەکسانی کۆمەڵایەتی و دادوەری بۆ ژنان دەکرد. لە ساڵی ١٩٩٢دا شەپۆلی سێیەم دەرکەوت، ئەم شەپۆلە بە تاکڕەوی و هەمەچەشنی داواکان ناسراوە. هەندێکیش زۆر بە توندی پێداگری دەکەن کە شەپۆلی چوارەم لە ساڵی ٢٠١٢ دەرکەوتووە و ئامرازەکانی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی بەکارهێناوە بۆ نەهێشتنی تەحەروشی سێکسی و توندوتیژی دژی ژنان و کەلتوری لاقەکردن، لە دیارترین کارەکانیشیان جوڵانەوەیەکە بە ناوی (Me Too / منیش).
دەوترێت جوانترین یاساکانی وڵاتانی جیهان ئەو یاسایانەن کە بە فشاری تێکۆشانی ڕێکخراوەکانی ژنان دەستەبەر بوون، بەڵام زۆرینەش هاوڕان لەسەر ئەوەی لە هەزارەی سێیەمدا توندوتیژی و نادادپەروەری چەند بارە و بە جۆرێکی مەترسیدار زیادی کردووە. بەتایبەت لە سایەی سیستمی نیولیبرالیزم و داهێنانی ئابووری بازاڕدا، داوا و مافەکانی ژنان لە ڕووە گەشەکەی داماڵدرا و کرایە کاڵایەکی بازرگانی و ژنان بەجۆرێک خرانە بازاڕەوە کە خۆشیان سەرودەروو لە مافەکانیان نەکەن، کرانە ڕووگەی براندە بازرگانی و قاوغی بەتاڵی هەندێک داواکاری سەرپێی جێندەری و سێکسی و هەڵوەشاندنەوەی خێزان لە ژێر ناوی ئازادی و تاکمافی. بەجۆرێک نیولیبرالیزمەکان، وەک هەر کاڵایەکی دیکە، ژنان و مافەکانیشیان کردە کاڵایەکی بازرگانی و تەواو لە داوا ڕەگەزییە ڕەواکانیان دایانماڵین.

ژنی کورد و ڕێکخراوەکانی
هەرچەندە خەباتی ژنان خەباتێکی ئایدیۆلۆجی سیاسی ئابوورییە، بەڵام پێویستە خەباتێکی ڕەگەزیی بێت و وابەستەی هیچ حیزب و گرووپ و ئەجیندایەک نەبێت، ڕێکخراوی ژنان هاوشێوەی ڕێکخراوی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە نییە و زۆر جیاوازە، پێویستە هەوڵ و تێکۆشانی تەنیا بۆ بەرگری بێت لە ماف و داواکانی ژنان و دەستەبەرکردنی دادپەروەری ڕەگەزیی.
لە ناوەڕاستی نۆسەدەکانی سەدەی پێشووەوە هەر حیزبێکی کوردی دروست بووبێت، بە دوای خۆیدا ڕێکخراوێکی ژنانی دامەزراندووە، گوایا بۆ دەستبەری مافەکانی ژنانە، بەڵام ئەمە هەڵەیەکی لۆژیکی و شێواندنی خەباتی ژنانە، ئەم نووسینە بە هیچ جۆرێک لە هەوڵ و تێکۆشانی هیچ ڕێکخراوێک و کەسایەتیەک کەم ناکاتەوە، بە پێچەوانەوە کارەکانیان گەورە و جێی سەرنجن، بەڵام لەبواری نەتەوەیی و نیشتمانی و حیزبیدا، نەک لە بواری خەباتی ڕەگەزییدا، ژنان لە هەر حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیدا دەتوانن ئەندام بن و کاری ئاسایی خۆیان بکەن، وەلێ ناچێتە خانەی خەباتی ڕەگەزییەوە، تا ئێستا دەیان ڕێکخراو و گرووپی ژنان دروستبوون، بەڵام بەداخەوە یەک دانەشیان هەڵگری بیروباوەڕی خەباتی ڕەگەزیی نین، بەڵکو لقێکی حیزبەکانیان بوون بۆ سەرپێخستنی ئەو بیروباوەڕەی کە ئەو حیزبانە بۆی تێکۆشاون، کە بەدڵنیاییەوە تەواوی ئەو حیزبانە حیزبی پیاوانە بوون و زۆرینەشیان هەر لە بنەڕەتەوە دژ بە ئازادی و یەکسانیی جێندەریی بوون.

لە کوردستانیش، وەک سەرجەم شوێنەکانی دیکە، لە سایەی سیستمی ئابووری بازاڕ و لە نێوان دوو کەوانەدا نیولیبرالیزمدا، داواکارییە ڕەگەزییەکانی ژنان تەواو شێواوە و پرۆسەی بە کاڵاکردن زۆر بە توندی ئێرەشی گرتۆتەوە، تەنانەت لە نێو خوودی ئەو ڕێکخراوانەشدا کە لەسەر ژنان ئەژمارن کارەساتی گەورە بەدیدەکرێت، هەر بۆ نموونە لەم چەند ساڵەی دووایدا ژن کراوەتە قەڵغانی ڕووبەڕووبوونەوەی (دوژمنان!)، لە کاتێکدا هێشتا لە ناوکۆی کۆمەڵگادا دەکوژرێن و بکوژەکانیش داڵدە دەدرێن، ئەمە دووفاقیەکی زۆر مەترسیدارە!
خانمە چالاکوانێکی بەڕێز لە کۆڕێکدا وتی: "دەمانەوێت خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی و ڕەگەزی پێکەوە گرێ بدەین"، نازانم وتەیەکی وا چۆن دەخرێتە نێو دەمی مەنگەنەی لۆژیکەوە، تۆ هێشتا لە کۆمەڵگایەکدا دەژیت ژنکوشتن کارەساتی ڕۆژانەیە، ئەمە چ خەیاڵێکە وابزانیت دەبێت ژن گیانی فیدای بکوژەکانی بکات!
هەرچەندە ئیمیلین پانکهۆرست (١٨٥٨-١٩٢٨) کچی دایک و باوکێکی سیاسەتمەدار و حیزبی بوو، دەیتوانی بە شێوەیەکی شاهانە ژیان بەڕێبکات، یان ڕێچکەی دایک و باوکی بگرێت، بەڵام نادادپەروەری کۆمەڵگا بەرامبەر بە ژن ناچاری کرد ڕێی خەباتێکی سەخت بگرێتەبەر و کارەساتی دنیای بەسەر خۆیدا باراند تا توانی گەورەترین دەستکەوت بۆ ژنان بەدیبهێنێت، مافی دەنگدانی بۆ ژنان مسۆگەر کرد و چەند حیزب و ڕێکخراوی ژنانی پێکهێنا، زانکۆی فەڕەنسی بۆ ژنان دامەزراند، بە درێژایی ژیانی چەندین کار و دەستکەوتی بەدەستهێنا، تا لە دوای مردنی لە ناوەڕاستی لەندەندا پەیکەری بۆ دروستکرا و ساڵی ١٩٩٩ گۆڤاری تایم بە یەکێک لە ١٠٠ کاریگەرترین کەسایەتیەکانی سەدەی بیستەمی ئەژمارکرد.

هیچ یاسایەک نییە لە وڵاتی ئێمە بە فشاری ژنان دەرکرابێت، ئەوەی هەیە تەنیا بۆ رتووشکردنی حوکمڕانی پیاوانەیە یان چاولێکەری وڵاتانی دراوسێیە، تەنانەت ئەو ژنانەش، کە بە هەر هۆیەک بێت دەستیان لە دەسەڵات گیربووە، نەک هەر هیچیان بۆ ژنان نەکردووە، تەنانەت بیریان چووە کە خۆشیان ژنن، خاتوونێکی بەڕێز لە نێو ڕێکخراوەکانی ژنانەوە گەشە دەکات و دەچێتە لووتکەی هەرەمی دەسەڵاتی یاسادانان، نەک هەر ئاوڕی لە ژنان نەدایەوە، بگرە ئەو چاوپێکەوتنانەشی لەبیرچۆوە کە پێش دەسەڵات وەرگرتن لە بەردەم کامێراکاندا ئەنجامی دابوون.
دەستەبەری مافی ژنان لە ژیانێکی دادپەروەرانە، بەوە نییە شۆڕشی نەتەوەیی یان ڕزگاریی یان نیشتمانی بدەیت بە کۆڵی ژناندا و پیاوانی پێبپارێزیت، بەوە نییە دەستەواژەکانی فیمینیزم و جێندەر و ژن و ژیان و ژنۆلۆژی وێردی سەر زمان بێت و لە ڕەفتاریشدا وابەستەی حیزبی پیاوانە بیت، بەوە نییە هەر ڕۆژە و لەژێر ناوی کۆنفرانسێک و فێستیڤاڵێکدا ژنان بە جلی ئاڵوواڵاو نیمچە ڕووتەوە بچیتە سەر ستەیجی دنیای سەرمایەداری، دەستەبەری مافەکانی ژنان خەباتی ڕەگەزیی و فشاری مەدەنی و تێکۆشانی سەخت، لە دەرەوەی حیزبەکان، دەیگەیەنێتە کەناری ئارام و ڕاگەیشتن بەو ژیانەی شایستەی ژنانە.

سەرچاوەکان:
١- جوانا داجۆرن دۆگۆتیسولۆ، ت: جمیلة السواح، موقع (‌‌أثارة)/ www.atharah.net.
٢- الجنس الاخر، سیمون دوبوفوار، ت: د.سحر سعید، دار ممدوح عدوان، الشارقة ٢٠٢٢
٣- ایمیلان بانکهرست ودورها فی الدفاع عن حقوق المر‌أة، سری نجم عبود سلوم، کلیة الاداب قسم التأریخ، الجامعة العراقیة ٢٠١٩/ رسالة ماخستیر غیر منشورة.

نووسینی: ڕاز ئەسعەد